زمان و هزر / ‌غازی خورشید:

نزیکایه‌تی زۆر له‌ نێوان زمان و هزر هه‌یه‌. ڕۆژانه‌ چه‌ندین نیشانه‌ به‌دیده‌کرێت که‌ مرۆڤ به‌هۆی زمان‌ بیرده‌کاته‌وه‌. به‌روڤاژ ژی دروسته‌، له‌ هه‌ندێک ڕه‌وش مرۆڤ یه‌که‌م جار بیرده‌کاته‌وه‌ دواتر به‌رگ به‌ به‌ر بیرکردنه‌وه‌کانی خۆ ده‌پۆشێت. به‌ شێوه‌یه‌کی تر زمان ئامرازی گرنگه‌ بۆ‌ ده‌ربڕینی هزر.

جۆره‌ها شێوازی بیرکردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ زمان‌ هه‌بێت‌. هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت که‌ زمان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ده‌ربڕینی هه‌سته‌کانی مرۆڤ بۆ نموونه‌ له‌ کاردانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ بابه‌تێک یان ڕووداوێک. له‌ ئێره‌ زمان دێته‌ به‌کار‌هێنان بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی باندۆڕی ڕووداوه‌که‌ یان بابه‌ته‌که‌، به‌ڵام جۆری ده‌ربڕینی هه‌سته‌که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ زمان‌ نییه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌ گه‌لێک به‌ڵگه‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ جۆره‌ها فه‌نتازی و خه‌یاڵ بێ یارمه‌تی زمان ئه‌نجامده‌ده‌ین. له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌، زمان له‌‌ داڕشتنی بیرکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ گه‌لێک چالاکه‌. مرۆڤ به‌هۆی زمان له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێک، چاره‌سه‌رکردنی گرفتێک یان پلاندانانی کارێک بیرده‌کاته‌وه، بۆ نموونه‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ خۆ پێش گوتنی گوتارێک یان ئه‌نجامدانی کردارێک. ئه‌م جۆری بیرکردنه‌وانه‌ پێی ده‌گوترێت بیرکردنه‌وه‌ی لۆجیکی چونکه‌ هه‌ردوو توخمی دیده‌کتیڤ و ئینده‌کتیڤ ده‌گرێته‌خۆ[1]. زمان بۆ ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وانه‌ گرنگه‌ چونکه یارمه‌تیده‌ری سه‌ره‌کییه‌ له‌ ئۆرگانیزه‌کردن و پێشکه‌شکردنی ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ ناخی (هوندڕ) هه‌یه‌ و‌ ده‌خوازێت بیهێنێته‌ ده‌ربڕین.

ئاشکرا نییه‌ که‌ تاکو چی ئاستێک زمان له‌ داڕشتنی بیرکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ و تێگه‌یشتنی له‌ ڕاستییه‌کانی ژیان (واقع) خۆی هه‌ڵده‌قورتێنێت، به‌ڵام وا دیاره‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌ک هه‌بێت له‌ نێوان هه‌ردوولا. به شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌موو زمانه‌کانی جیهان خودانی هه‌مان بوونیاد هه‌ن‌، هه‌مان توانایان له‌ دابینکردنی پێویستی و ئه‌رک هه‌یه‌. کاراکته‌ری زمان تاکو ڕاده‌یه‌کی زۆر بایۆلۆجییانه‌ دامه‌زراوه‌. پێکهاته‌ی زمان بریتییه‌ له‌ ده‌نگ، وشه‌ و ڕێزمان. بوونی زمانی جیاواز واتای بیرکردنه‌وه‌ و زیره‌کی جیاواز نابه‌خشێت، زارۆک به‌ گشتی هه‌مان ماوه‌ی دیاریکراو بۆ فێربوونی زمانی زگماکی ده‌خوازێت، به‌بێ ڕه‌چاوکردنی جۆری زمان. به‌ کورتی هه‌ڵگرانی باوه‌ڕی گه‌ردوونی Universalism ده‌بێژن زمان هیچ ڕۆڵی نییه‌ له‌ ئه‌وه‌ی که‌ چۆن مرۆڤ له‌ ڕاستییه‌کانی ژیان تێده‌گات. به‌ باوه‌ڕی ئه‌مان هه‌موو زمانه‌کان خودانی هه‌مان بنه‌مای یه‌کسانن. به‌ پێچه‌وانه‌‌ گریمانه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن په‌یوه‌ستبووه‌کان Relativism که‌ ده‌بێژن تێگه‌یشتنی مرۆڤ له‌ ڕاستییه‌کانی ژیان (واقع) ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌سته‌ به ئه‌‌و‌ زمانه‌‌ که‌ ئه‌و به‌ ڕێکه‌فت فێری بووه‌. له‌ گۆری ئه‌مان ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ زمانی جیاواز ده‌ئاخافن له‌ دنیای جیاواز ده‌ژین؛ ئه‌وان جیاواز بیرده‌که‌نه‌وه‌ چونکه‌ به‌ ته‌واوه‌تی زمان‌ بڕیار ده‌دات له‌ چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌.

ڤه‌کۆڵین ئه‌وه‌ نیشاندایه‌ که‌ دژواره‌ ئه‌وه‌ بێته‌ سه‌لماندن که‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ی له‌ نێو زمانه‌کان هه‌یه‌ ببێت به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ قسه‌که‌ران خودانی تێگه‌یشتنی جودا بن له‌ مه‌ڕ ژیان. به‌ڵام له‌ لایه‌کی دی، مرۆڤ به‌بێ زمان‌ نا‌توانێت باسی تشتێک بکات، ڕوونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر تشتێک بدات یان له‌ ژیان تێبگات. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیگرتن له‌ نێو جۆره‌ها کۆنتێکستی جڤاکی ئاماده‌یی جودا جودا وه‌رده‌گرین و چالاکانه‌ له‌ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پشکدار ده‌بین. له‌وڕا زانیاری وێستگه‌کراوه‌‌‌ (هه‌رده‌م ده‌خرێته‌ نێو کۆنتێکستێکی مێژوویی، جڤاکی و که‌لتوری‌)، و په‌یوه‌ندییه‌که‌ش دروستکراوه به‌ڵام ئه‌م زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌‌ له‌ شێوه‌ی زمان بونیادنراوه‌‌. به‌ پێی ئه‌م ڕوانگه‌ سۆسیۆکه‌لتووره‌ بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ زمانییه‌.‌ به‌ ئه‌م جۆره‌ ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی زمان‌ ناتوانین زانیاری ده‌رباره‌ی واقعێکی ئۆبجێکتیڤانه‌ وه‌ربگرین، به‌ڵێ به‌ بێ بونیادێکی زمانه‌وانی و جڤاکی بۆ ئه‌م واقیعه‌ بیرکردنه‌وه‌ ئاسته‌نگ ده‌بێت. له‌ ئه‌م ڕوانگه‌ بیرکردنه‌وه‌ و زانینی ئێمه‌ به‌ بێ ئه‌و بونیاده‌ زمانه‌وانییه‌ بۆ ئه‌م بیرکردنه‌وه‌ و زانینه‌ ناهێته‌ کردن. به‌ ساناهی ئێمه‌ دیلی زمان-ین.
———————————————————————————————————————-

:Deductive elements[1] له‌ کاتی بیرکردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌رکردنی گرفتێک یان هاوکێشه‌یه‌ک به‌ پێی مه‌رجی پێدراو، بۆ نموونه‌ له‌ هاوکێشه‌ی ماتماتیک.

:Inductive elements له‌ کاتی مامڵه‌ و چاره‌سه‌رکردنی گرفتێک به‌پێی زانیاری زانراو، بۆ نموونه‌ له‌ شوێنی کار.

Leave a Reply

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *